١ یەزدان بە موسای فەرموو:
«لێرە بڕۆ،
خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە،
بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم:
”دەیدەمە نەوەکەت.“
٢ فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم.
٣ بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت،
بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم،
چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»
٤ کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو،
شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە.
٥ یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو:
«بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ:
”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن،
ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان،
کۆتاییتان پێ دەهێنم.
ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و دەزانم چیت پێ دەکەم.“»
٦ ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.
چادری چاوپێکەوتنی موسا
٧ موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە،
دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن»*.
هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد،
دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن،
ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو.
٨ هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت،
هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا،
دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە.
٩ کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا،
ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا.
١٠ گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە،
هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد،
هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی.
١١ یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا،
هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت.
کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە،
گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.
موسا و شکۆمەندی یەزدان
١٢ موسا بە یەزدانی گوت:
«بڕوانە،
تۆ بە منت فەرموو:
”ئەم گەلە سەربخە،“
بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت،
هەروەها تۆ فەرمووت:
”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“
١٣ ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم،
ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ئەوەی بتناسم،
هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم.
هەروەها لە بیرت بێت کە ئەم نەتەوەیە گەلی خۆتە.»
١٤ یەزدان فەرمووی:
«من خۆم لەگەڵت دەبم و دەتحەسێنمەوە.»
١٥ موساش پێی گوت:
«ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت،
لێرەوە سەرمان مەخە.
١٦ بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین،
ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەڕۆیشتبیت؟
بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»
١٧ یەزدانیش بە موسای فەرموو:
«هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد،
چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»
١٨ ئینجا موسا گوتی:
«شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»
١٩ ئەویش فەرمووی:
«هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم.
من کە ناوم یەزدانە،
لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم.
میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»*
٢٠ هەروەها فەرمووی:
«ناتوانیت ڕووم ببینیت،
چونکە هیچ مرۆڤێک نییە بمبینێت و بژیێت.»
٢١ هەروەها یەزدان فەرمووی:
«ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە.
٢٢ کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت،
ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم،
٢٣ دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت،
بەڵام ڕووم نابینرێت.»