دە ڕاسپاردەکە
١ خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
 
٢ «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان،
لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
 
٣ «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
٤ پەیکەر* بۆ خۆتان دروستمەکەن،
نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە،
نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە،
نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە.
٥ کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن،
چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم*،
سزای گوناهی باوکان لەسەر نەوەکانیشان جێبەجێ دەکەم هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم،
٦ بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم،
ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
٧ ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن*،
چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆپاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
٨ ڕۆژی شەممەتان* لە یاد بێت،
تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن.
٩ شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن،
١٠ بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان،
هیچ کارێک مەکەن.
خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن،
١١ چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن،
بەڵام لە ڕۆژی حەوتەمدا پشووی* دا،
لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.
١٢ ڕێزی دایک و باوکتان بگرن،
بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
١٣ مەکوژن*.
١٤ داوێنپیسی مەکەن.
١٥ دزی مەکەن.
١٦ بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
١٧ چاو مەبڕنە ژنی کەس.
چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
 
١٨ کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد،
گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو،
لەرزین و لە دوورەوە وەستان.
١٩ بە موساشیان گوت:
«تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین.
با خودا لەگەڵمان نەدوێت،
نەوەک بمرین.»
٢٠ موساش بە گەلی گوت:
«مەترسن.
خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە،
تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناە نەکەن.»
٢١ گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە،
کە خودای لێ بوو.
پەیکەر و قوربانگا
٢٢ یەزدان بە موسای فەرموو:
«ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت:
”ئێوە بینیتان کە لە ئاسمانەوە لەگەڵتان دوام.
٢٣ هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت،
بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن.
٢٤ «”بە خۆڵ قوربانگام بۆ دروستدەکەیت و قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیت* لە مەڕ و بزن و گاگەلەکەت لەسەری سەردەبڕیت،
لە هەموو ئەو شوێنانە وا دەکەم ناوم بێتەوە یاد،
دێمە لات و بەرەکەتدارت دەکەم.
٢٥ ئەگەر بە بەرد قوربانگات بۆ دروستکردم،
با بەردەکان تاشراو نەبن،
چونکە هەر قەڵەم و چەکوشێکی بخەیتە سەر ئەوا گڵاوی دەکەیت.
٢٦ بە پەیژە سەرمەکەوە سەر قوربانگاکەم نەوەک ڕووتیت لەسەری دەربکەوێت.“