گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێت‌ئێل
١ ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو:
«هەستە و بڕۆ بۆ بێت‌ئێل و لەوێ نیشتەجێ بە.
هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە،
کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
٢ ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت:
«هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە،
ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن.
٣ با هەستین و بەرەو بێت‌ئێل سەربکەوین،
لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.»
٤ ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب،
یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە.
٥ ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان،
ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
٦ یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێت‌ئێلە لە خاکی کەنعان.
٧ لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا،
شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێت‌ئێل*،
چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی،
خودای بۆ دەرکەوت.
٨ دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد،
لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێت‌ئێل نێژرا.
ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت*.
٩ کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە،
دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد.
١٠ خودا پێی فەرموو:
«ناوت یاقوبە،
بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت،
بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.»
ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
١١ ئینجا خودا پێی فەرموو:
«من خودای هەرە بەتوانام،
بەردار بە و زۆر بە.
نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن،
پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن.
١٢ ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق،
هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.»
١٣ ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد.
١٤ یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو،
ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد.
١٥ یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێت‌ئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
مردنی ڕاحێل و ئیسحاق
١٦ ئینجا هەموویان لە بێت‌ئێلەوە بەڕێکەوتن.
کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات،
ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون،
منداڵبوونێکی دژوار.
١٧ لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو،
مامانەکە پێی گوت:
«مەترسە،
چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.»
١٨ ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی،
لەبەر ئەوەی دەمرد،
کوڕەکەی ناو نا بەن‌ئۆنی*.
بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین*.
١٩ ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێت‌لەحمە.
٢٠ یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد،
کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
٢١ ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا.
٢٢ کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا،
ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد.
ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.
 
یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
 
٢٣ کوڕەکانی لێئە:
ڕەئوبێن،
نۆبەرەکەی یاقوب.
شیمۆن،
لێڤی،
یەهودا،
یەساخار و زەبولون.
٢٤ کوڕەکانی ڕاحێل:
یوسف و بنیامین
٢٥ کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:
دان و نەفتالی.
٢٦ کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:
گاد و ئاشێر.
 
ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن،
کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
 
٢٧ یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع،
کە حەبرۆنە،
ئەو شوێنەی کە ئیبراهیم و ئیسحاق تێیدا ئاوارە بوون.
٢٨ ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ ژیا.
٢٩ ئینجا دواهەناسەی دا و مرد،
بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
عیسۆ و یاقوبی کوڕی ناشتیان.