دینە و شەخەمییەکان
١ دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو،
چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە کچانی ئەو ناوچەیە بکەوێت.
٢ کاتێک شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی،
کە میری ئەو ناوچەیە بوو،
چاوی پێی کەوت،
گرتی و لاقەی کرد.
٣ دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب،
ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد.
٤ شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت:
«ئەم کچەم بۆ بخوازە تاکو ببێتە ژنم.»
٥ یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە،
لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون.
ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.
٦ حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات.
٧ کاتێک کوڕەکانی یاقوب بیستیانەوە چی ڕوویداوە،
یەکسەر لە دەشتودەر هاتنەوە.
زۆر ناڕەحەت و تووڕە بوون،
چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب،
کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل* کردبوو؛
کارێکی نەشیاو بوو.
٨ بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی:
«شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە.
تکایە بیدەنێ ببێتە ژنی.
٩ ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن،
کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن.
١٠ دەتوانن لەناومان نیشتەجێ بن؛
خاکەکەمان لەبەردەمتانە.
تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن و موڵکتان تێیدا هەبێت.»
١١ ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت:
«لێم ڕازی بن،
ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم.
١٢ مارەیی و دیارییەکان هەرچەند بێت،
ئەوەی داوای بکەن دەیدەم.
تەنها کچەکەم بدەنێ با ببێتە ژنم.»
١٣ کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد،
چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو.
١٤ پێیان گوتن:
«ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین،
خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنەنەکراو،
چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە.
١٥ تەنها بەم مەرجە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین:
دەبێت وەک ئێمەتان لێبێت،
ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان.
١٦ ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین.
لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل.
١٧ بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد،
ئەوا کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»
١٨ قسەکانیان جێگەی پەسەندی حەمۆر و شەخەمی کوڕی بوو.
١٩ کوڕە لاوەکە کە لە ماڵی باوکی لە هەمووان ڕێزدارتر بوو،
لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت،
چونکە کچەکەی یاقوبی خۆشدەویست.
٢٠ ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد و گوتیان:
٢١ «ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان،
با لە خاکەکەمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن،
زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە.
کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ.
٢٢ بەڵام ئەم پیاوانە تەنها بەو مەرجە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەناومان نیشتەجێ بن و وەکو یەک گەل پێکەوە بژین،
ئەگەر بێتو هەموو نێرینەکانمان خەتەنە بکرێن،
هەروەک چۆن خۆیان خەتەنە کراون.
٢٣ ئایا ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن،
ماڵ و سامان و هەموو ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان نابن بە هی ئێمە؟»
٢٤ هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد.
ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.
٢٥ لە ڕۆژی سێیەمدا،
لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو،
هەردوو کوڕەکەی یاقوب،
شیمۆن و لێڤی،
دوو براکەی دینە،
دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بە نهێنی هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو،
کوشتیان.
٢٦ بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت.
دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن.
٢٧ ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد،
چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو.
٢٨ هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو،
هەموویان برد.
٢٩ هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان،
تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد،
هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.
٣٠ ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت:
«ئێوە تووشی گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان لەلای کەنعانییەکان و پریزییەکان ناحەز کرد کە خەڵکی ئەم خاکەن.
ئێمە ژمارەیەکی کەمین،
ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن،
خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»
٣١ بەڵام ئەوان گوتیان:
«ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»