دەربازکردنی لوت لەلایەن ئەبرامەوە
١ لەو سەردەمەی کە ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم بوو،
٢ ئەم پاشایانە لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم،
لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە جەنگێکیان بەرپا کرد.
٣ هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست،
کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو*.
٤ بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون،
بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.
٥ لە ساڵی چواردەمین،
کدارلاعۆمەر خۆی و پاشا هاوپەیمانەکانی هاتن و لە عەشترۆت قەرنەیم ڕفائییەکان و لە هام زوزییەکان و لە شاڤێ قیریاتەیم ئێمییەکانیان بەزاند.
٦ هەروەها حۆرییەکانیان* لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر بەزاند و هەتا ئێل پاران لە نزیک بیابان ڕۆیشتن.
٧ ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون،
هەروەها ئەمۆرییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.
٨ ئینجا پاشاکانی سەدۆم،
عەمۆرا،
ئەدما،
چەبۆئیم و بەلەع کە شاری زۆعەرە،
هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست،
٩ لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار.
چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج.
١٠ دۆڵی سیدیم پڕ بوو لە چاڵە قیر،
بۆیە هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا لە کاتی هەڵاتندا کەوتنە نێو چاڵەکانەوە،
بەڵام پاشاکانی دیکە بۆ چیاکان هەڵاتن.
١١ ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەک و خۆراکەکانی سەدۆم و عەمۆرایان برد و ڕۆیشتن.
١٢ هەروەها لوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.
١٣ یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی* ڕاگەیاند.
ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەمۆری،
براکەی ئەشکۆل و عانێر،
نیشتەجێ بوو.
ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون.
١٤ کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە،
بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون،
ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت.
١٥ کە شەو داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون و هێرشی بردە سەریان و تەفروتونای کردن و هەتا حۆڤا دەریپەڕاندن،
کە لە باکووری دیمەشقە.
١٦ جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها لوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.
١٧ دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی،
پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.
١٨ مەلکیسادقی پاشای شالیمیش* کە کاهینی خودای هەرەبەرز بوو،
نان و شەرابی بۆ ئەبرام هێنا.
١٩ ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:
«با خودای هەرەبەرز،
دروستکەری ئاسمان و زەوی،
ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
٢٠ ستایش بۆ خودای هەرەبەرز
کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.»
ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.
٢١ ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت:
«خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»
٢٢ بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت:
«سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز،
دروستکەری ئاسمان و زەوی،
٢٣ کە لە ماڵ و سامانی تۆ هیچ شتێک نەبەم،
تەنانەت تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگێکی* پێڵاو،
بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت:
”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“
٢٤ تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە،
بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن،
عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ.
با ئەوانیش بەشی خۆیان وەربگرن.»