جیابوونەوەی ئەبرام و لوت
١ ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو،
 لەگەڵ لوت لە میسرەوە چوونە نەقەب. 
 ٢ ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.
٣ قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد،
 لە نەقەبەوە هەتا بێتئێل،
 هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو،
 لەنێوان بێتئێل و عای، 
 ٤ بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد،
 لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
٥ هەروەها لوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت،
 مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. 
 ٦ بەڵام خاکەکە لەوەڕگای پێویستی بۆ مەڕوماڵاتی هەردووکیان نەبوو،
 لەبەر ئەوەی دەستکەوتەکانیان هێندە زۆر ببوو کە نەتوانن پێکەوە بمێننەوە. 
 ٧ ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی لوت ڕوویدا.
 لەو کاتەشدا کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.
٨ ئینجا ئەبرام بە لوتی گوت:
 «با هیچ ناکۆکییەک نەکەوێتە نێوان من و تۆ و نێوان شوانەکانم و شوانەکانتەوە،
 چونکە ئێمە مام و برازاین*. 
 ٩ ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟
 کەواتە لە من جیا ببەوە.
 ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت،
 من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت،
 من بەلای چەپدا دەڕۆم.»
١٠ لوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە.
 وەک بەهەشتی یەزدانە،
 وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت.
 ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. 
 ١١ لوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد.
 بەو شێوەیە لە یەکتری جیا بوونەوە. 
 ١٢ ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو،
 لوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو و لە نزیک سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. 
 ١٣ خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار بوون و گوناهیان دژی یەزدان دەکرد.
١٤ دوای جیابوونەوەی لوت لە ئەبرام،
 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو:
 «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت،
 سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، 
 ١٥ چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە خۆت و نەوەکانت. 
 ١٦ نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم،
 تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت،
 ئەوا نەوەی تۆش بژمێردرێت. 
 ١٧ بڕۆ،
 بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە،
 چونکە دەیدەمە تۆ.»
١٨ ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن* نیشتەجێ بوو،
 لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.