کەوتنی بابل
١ پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو،
 زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. 
 ٢ بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی:
«کەوت!
 بابلی گەورە کەوت!
بووە جێنشینی جنۆکەکان و
پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان،
پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو،
پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.
٣ لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان
لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە.
پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە،
بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»
٤ گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو:
«ئەی گەلی من لێی دەربچن،
تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن،
تاکو دەردەکانی نەگرن،
٥ چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و
خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.
٦ سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و
بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە،
لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.
٧ هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە،
ئازار و خەمی بدەنێ،
 چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم،
هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“
٨ لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن،
مردن و شیوەن و قاتوقڕی.
بە ئاگریش دەسووتێت،
خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات،
 بەهێزە.
سێ جار قوڕبەسەری بۆ بابل
٩ «پاشاکانی زەوی،
 ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە،
 کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. 
 ١٠ لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن:
«”ئەی شارە مەزنەکە،
 قوڕت بەسەر،
 قوڕت بەسەر!
ئەی بابل، شارە بەهێزەکە!
چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“
١١ «بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن،
 چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، 
 ١٢ شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری،
 کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز،
 هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها،
 بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، 
 ١٣ دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان*،
 شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم،
 مەڕوماڵات،
 ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»
١٤ دەڵێن:
 «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو،
 هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» 
 ١٥ بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون،
 لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن،
 دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و 
 ١٦ دەڵێن:
«”قوڕت بەسەر!
 قوڕت بەسەر،
 ئەی شارە گەورەکە،
کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت،
بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!
١٧ چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“
«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی،
 لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن،
 لە دوور دەوەستن. 
 ١٨ کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت،
 هاوار دەکەن و دەڵێن:
 ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“ 
 ١٩ خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن،
 بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:
«”قوڕت بەسەر!
 قوڕت بەسەر،
 ئەی شارە گەورەکە!
ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون!
لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!
٢٠ «”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن!
چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»
دوایین کەوتنی بابل
٢١ ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت،
 وەک بەردی ئاش گەورە بوو،
 فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:
«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،
هەرگیز نادۆزرێتەوە.
٢٢ ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا
تێیدا نابیسترێت.
هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،
دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.
٢٣ هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،
ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.
بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و
هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون.
٢٤ تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و
هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»