بابل دایکی داوێنپیسانە
١ ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم:
«وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ڕووبارێکی زۆر دانیشتووە.
٢ ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»
٣ پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی.
بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو.
دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو.
٤ ژنەکە جلوبەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەر کرابوو،
هەروەها بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازێنرابووەوە.
جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو،
پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی.
٥ لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو:
«بابلی گەورە،
دایکی لەشفرۆشان و
قێزەونانی زەوی.»
٦ هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو.
بە بینینی زۆر سەرسام بووم.
٧ فریشتەکە پێی گوتم:
«بۆ سەرسام بوویت؟
نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەشت پێ دەڵێم کە هەڵیگرتووە و حەوت سەر و دە شاخی هەیە.
٨ ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە،
خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات.
دانیشتووانی سەر زەوی،
ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە،
کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن،
چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە،
بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.
٩ «ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا:
حەوت سەرەکە حەوت گردن* کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە.
١٠ حەوت پاشاکەش،
پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە،
کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە.
١١ ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە،
بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات.
١٢ «ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان،
هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە،
بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن.
١٣ ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە،
هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە.
١٤ ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت،
چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە،
ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»
١٥ ئینجا پێی گوتم:
«ئەو ئاوانەی بینیت،
کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە،
گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن.
١٦ دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت،
ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن،
وێران و ڕووتی دەکەنەوە،
گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن،
١٧ چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان کە مەبەستی ئەو جێبەجێ بکەن و ڕێک بکەون،
دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە،
هەتا وشەکانی خودا بێتە دی.
١٨ ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»