نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی فیلیپی
کورتە باسێک
فیلیپی شارێکی مەکدۆنی بوو لە باشووری یۆنان، لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا بوو. دانیشتووانەکەی بە هاوڵاتی ڕۆمانی هەژمارد دەکران و زۆربەیان سەربازی خانەنشینکراوی ڕۆمانی بوون. لەدوای ئەوەی لە خەوندا پێی ڕاگەیەنرا (کردار ١٦:٦-١٠)، پۆڵس و هاوەڵانی لە یەکەمین گەشتیان بۆ کیشوەری ئەوروپا یەکەمین کڵێسایان لەو کیشوەرە لە فیلیپی دامەزراند (کردار ١٦:١١-٤٠). دواتر کەسانێکی دیکە جێگەی ئەویان لە بەڕێوەبردنی کڵێساکەدا گرتەوە (٤:١٥).
پۆڵس لە ساڵی (٦١ ز.) لەکاتێکدا لە ڕۆما لەنێو کۆتی بەندیخانەدا بوو، ئەم نامەیە بۆ باوەڕدارانی فیلیپی دەنووسێ. سوپاسیان دەکات سەبارەت بەو یارمەتییەی لەگەڵ دەستی ئەپەفرۆدیتۆس بۆیان ناردووەتە بەندیخانە (٤:١٨). هەروەها تێیدا چەندین جار دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێ، بە تایبەتیش بۆ بەشداریکردنی ئەوان لە ڕاگەیاندنی مژدەی مەسیح (١:٤-٥). «هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن، دیسان دەڵێمەوە، دڵشاد بن!» (٤:٤).
لەم نامەیەدا باوەڕداران بۆ مزگێنیدان هاندەدات، تاکو لە یەکێتیدا بچەسپێنن و لە ئاست یەکتردا خۆیان بە بچووکتر بزانن. دواتر لە نێردراوی بەدکار ئاگاداریان دەکاتەوە (٣:٢-٣،١٨-١٩). هەروەها دەریدەخات کە ناسینی مەسیح و یەکبوونی لەگەڵ ئەو لە هەستانەوە و ئازارکێشان ئامانجی سەرەکییەتی (٣:١٠-١٤). دەکرێ ئەم نامەیە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بکەین:
١. سڵاو و نوێژ (١:١-١١).
٢. بارودۆخی نێردراویێتی پۆڵس (١:١٢-٣٠).
٣. ژیانی مەسیح نموونەیە بۆ خزمەت (٢:١–٢:١٨).
٤. پێشکەشکردنی نموونەی کەسایەتییەکی چاک بۆ چاولێکردن (٢:١٩-٣٠).
٥. ئاگادارکردنەوە لە دژی مامۆستای تەوراتگەریێتی و بەڕەڵایی (٣:١–٤:١).
٦. هاندان و سڵاوی کۆتایی (٤:٢-٢٣).