بەران و تەگە لە بینینەکە
١ من کە دانیالم،
لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی بێلشەسر،
لەپاش ئەو بینینەی کە ماوەیەک لەمەوپێش بۆم ئاشکرا کرابوو،
بینینێکی دیکەشم بۆ ئاشکرا کرا.
٢ لە بینینەکەمدا سەیرم کرد لە قەڵای شوشم،
ئەوەی لە هەرێمی ئیلامە.
لە بینینەکەدا لەلای نۆکەندی ئولای بووم.
٣ چاوم هەڵبڕی و بینیم بەرانێک لەلای نۆکەندەکە ڕاوەستاوە و دوو قۆچی هەیە،
هەردوو قۆچەکە درێژ بوون،
یەکێکیان لەوەی دیکەیان درێژتر بوو،
هەرچەندە دواتر سەری دەرهێنابوو.
٤ بینیم بەرانەکە بەلای ڕۆژئاوا و باکوور و باشووردا قۆچ دەوەشێنێت،
هیچ گیانلەبەرێکیش لە ڕووی نەوەستایەوە،
هیچ لە دەستی دەرباز نەبوو،
ئەوەی پێی خۆشبوو کردی و مەزن بوو.
٥ لەو کاتەدا کە ڕامابووم تەگەیەک* لە ڕۆژئاواوە بەسەر زەویدا دەهات و پێیەکانی بەر زەوی نەدەکەوت،
تەگەکە شاخێکی بەرزی هەبوو لەنێوان هەردوو چاوی.
٦ چووە لای ئەو بەرانەی کە دوو قۆچی هەبوو،
ئەوەی بینیم لەلای نۆکەندەکە وەستابوو،
زۆر بە تووڕەییەوە هێرشی کردە سەری.
٧ بینیم گەیشتە سەر بەرانەکە و بەربووە سەری و لە بەرانەکەی دا،
دوو قۆچەکەی شکاند.
بەرانەکە هێزی ئەوەی نەبوو لەبەردەمی ڕابوەستێت،
تەگەکە فڕێیدایە سەر زەوی و پێی لێنا،
بەرانەکە کەسی نەبوو لە دەستی دەربازی بکات.
٨ ئینجا تەگەکە زۆر خۆی بە زل زانی،
بەڵام کاتێک لەخۆبایی بوو شاخە گەورەکەی شکا،
لە جێی ئەو شاخەش چوار شاخی گەورەتر بەرەو چوار بایەکەی ئاسمان دەرچوون.
٩ لە یەکێک لەوانەوە شاخێکی بچکۆلە دەرکەوت،
ڕووەو باشوور و ڕۆژهەڵات و خاکە دڵگیرەکە* گەشەی کرد.
١٠ زۆر بەهێز بوو،
تەنانەت گەیشتە هێزەکانی ئاسمانیش،
هەندێک لە هێز و ئەستێرەکانی فڕێدایە خوارەوە بۆ سەر زەوی و پێی لێنان.
١١ خۆی بە گەورە زانی تاوەکو خۆی یەکسان بکات بە خودای سوپاسالاری ئاسمان.
قوربانی ڕۆژانە لەکارخرا و پیرۆزگاکەی وێران کرا.
١٢ لەبەر یاخیبوون،
سوپا پیرۆزەکان و پێشکەشکردنی قوربانی ڕۆژانە درانە دەستی شاخەکە.
ڕاستی خرایە ژێر پێ،
شاخەکەش لە هەموو ئەوەدا سەرکەوتوو بوو کە کردی.
١٣ ئینجا گوێم لە فریشتەیەکی پیرۆز بوو قسەی دەکرد،
فریشتەیەکی پیرۆزی دیکە بەوی دەگوت:
«ڕووداوەکانی ئەم بینینە کەی دێنە دی؟
هەتا کەی قوربانی ڕۆژانە لەکاردەخەن؟
هەتا کەی یاخیبوون بەردەوام دەبێت لە کاولبوونی پیرۆزگا و پێشێلکردنی سوپا پیرۆزەکە؟»
١٤ ئەویش پێی گوتم:
«دوو هەزار و سێ سەد بەیانی و ئێوارە،
ئینجا پیرۆزگا دەگەڕێتەوە باری پیرۆزی خۆی.»
لێکدانەوەی بینینەکە
١٥ من دانیالم،
هێشتا خەریکی سەیرکردنی بینینەکەم و هەوڵدەدەم کە لێی تێبگەم،
ئەوەتا یەکێک لە شێوەی پیاوێک لەبەردەمم ڕاوەستاوە.
١٦ گوێم لە دەنگی مرۆڤێک بوو لەلای نۆکەندی ئولایەوە بانگی کرد و گوتی:
«ئەی جبرائیل*،
واتای بینینەکە لەم پیاوە بگەیەنە.»
١٧ ئەویش هاتە ئەو شوێنەی کە لێی ڕاوەستابووم،
کاتێک هات ترسام و بەسەر ڕوومدا کەوتم.
پێی گوتم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
بزانە کە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتاییە.»
١٨ کاتێک قسەی لەگەڵم دەکرد کەوتبوومە خەونێکی قووڵەوە و ڕووم ڕووەو زەوی بوو.
ئینجا دەستی لێدام و هەڵیستاندمە سەر پێ.
١٩ گوتی:
«من پێت دەڵێم کە لە کاتی تووڕەیی چی ڕوودەدات،
چونکە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتایی دیاریکراوە.
٢٠ ئەو بەرانەی کە بینیت دوو قۆچی هەبوو،
ئەوە پاشاکانی ماد و فارسە.
٢١ تەگەکە پاشای یۆنانە،
ئەو قۆچە گەورەیەش کە لەنێوان هەردوو چاوی بوو یەکەمین پاشایە.
٢٢ بەڵام ئەو چوار قۆچەی کە لە شوێنی قۆچە شکێنراوەکە پەیدابوون،
ئەوا چوار پاشایەتی لە نەتەوەکەی ئەوەوە پەیدا دەبن،
بەڵام هەمان هێزی ئەویان نابێت.
٢٣ «لە دوایین پاشایەتییان،
کاتێک یاخیبوون لە دژی خودا دەگاتە ئەوپەڕی،
پاشایەکی ڕوو وشک و فێڵباز پەیدا دەبێت.
٢٤ هێزی زۆر دەبێت،
بەڵام نەک بە هێزی خۆی،
لە ڕادەبەدەر وێرانکاری دەکات و سەرکەوتوو دەبێت لە هەرچی بیەوێت بیکات.
تواناداران و گەلە پیرۆزەکە لەناودەبات.
٢٥ بە تەڵەکەبازی وا دەکات فێڵبازی سەرکەوتوو بێت،
دڵی لەخۆبایی دەبێت.
کاتێک لە ئاسوودەییدا زۆران لەناودەبات و لە دژی میری میران دەوەستێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تێکدەشکێنرێت،
بەڵام بەبێ هێزی مرۆڤانە.
٢٦ «ئەو بینینەی ئێوارە و بەیانی کە بە تۆ درا ڕاستە،
بەڵام تۆ بینینەکە بە نهێنی بهێڵەوە،
چونکە بۆ داهاتووی دوورە.»
٢٧ من کە دانیالم،
بۆ چەند ڕۆژێک بێهێز و لاواز بووم،
ئینجا هەستام و دەستم کردەوە بە کاروبارەکانی پاشا.
واقم وڕمابوو لە بینینەکە،
لە سەرووی تێگەیشتنەوە بوو.