حزقیێل
کورتە باسێک
کاتێک خەڵک لە فەرمانی خودا لایاندا، خودا لە یەهودا و ئیسرائیلدا دادپەروەری پەیڕەو کرد، پاشان خودا شارەکەی بنیاد نایەوە.‏
 
حزقیێل یەکێک بوو لە نەوەی کاهینان هەروەها یەکێک بوو لەوانەی لە ساڵی ٥٩٧ پ. ز. لە شاری پیرۆزەوە بۆ بابل ڕاپێچ کران، لەوێ خودا هەڵیبژارد ببێتە پێغەمبەر. بە سروشی ڕۆحی پیرۆز ئەو پەیامەی بۆ نارد بۆ ئەوەی ببێتە ئاگادارکەرەوەیەک بۆ سزای ئەوانەی لە ئۆرشەلیم ماونەتەوە. ئاگادارکردنەوەکانی لەلایەن ئەو خەڵکەی گەلی خودا لە خاکی دیلیێتی بوون شایانی گوێ لێگرتن نەبوون، کاتێک پێشبینییە خەمبارەکانی بە وێرانبوونی ئۆرشەلیم هاتنەدی لە ساڵی ٥٨٦ پ. ز. خەڵکی بە ڕاستگۆییەوە گوێیان لێی دەگرت. لەو ماوەیەدا پەیامەکانی گۆڕانیان بەسەردا هات، لە پەیامێکەوە کە بانگەوازی سزای خودای دەکرد بۆ پەیامێک پڕ بوو لە دڵنەوایی و هیوا. لەوێدا کاتی ئەوە هات پلان و هێڵکاری سەرەتایەکی نوێ دابڕێژرێت. حزقیێل خۆی وەک شوان و ڕابەری گەلی ئیسرائیل دەبینی. وەک شوان پێویست بوو لەسەری کە گەلەکەی بپارێزێت، وەک چاودێرێکیش کە لە ترسناکییەکان ئاگاداریان بکاتەوە.
پەیامی حزقیێل لەسەر بنەمای پیرۆزی نەگۆڕی خودا بنیاد نراوە. لە هەمان کاتدا بەڵێن و ئاگادارکردنەوە لەخۆ دەگرێت. ئاگادارکردنەوەیە لەبەر ئەوەی خودا بەڵێنی داوە سزای گوناە بدات و ئەوەش هەر دەبێت بێتە دی. هەروەها بەڵێنە چونکە خودا بەڵێنی داوە هەردەم دڵسۆز بێ بۆ خۆشویستنەکەی و ئەوەش ناکرێت پێچەوانە بێت. پەڕتووکی حزقیێل هاتنەدی فەرمایشتی نەگۆڕی خودا دەردەخات لە بەڵێن، ئۆرشەلیم بەگوێرەی بەڵێنی خودا وێران بوو وەک سزایەک بۆ گوناهی خەڵکی یەهودا. لێرەوە دەبینین شێوازی ژیانی گەلی خودا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە خودا چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات.