نیشانەی گەمارۆدانی ئۆرشەلیم
١ «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ،
خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە.
٢ گەمارۆی بدە:
قوللە لە دەوری بنیاد بنێ،
سەنگەر لە دەوری دروستبکە،
لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ.
٣ ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە،
چاوی تێ ببڕە،
جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت.
ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
٤ «ئینجا لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت،
بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
٥ منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان،
لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
٦ «کاتێک تەواوت کرد،
لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ،
جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت،
هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک.
٧ جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە.
٨ من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.
٩ «تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ،
بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت،
سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت.
١٠ ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت،
هەر ڕۆژەی بیست شاقل*،
هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت.
١١ ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە،
یەک لەسەر شەشی هەینێک*،
هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە.
١٢ کولێرەی جۆ دەخۆیت،
لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.»
١٣ یەزدان فەرمووی:
«نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»
١٤ منیش گوتم:
«ئای،
ئەی یەزدانی باڵادەست!
هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە.
لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە.
هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»
١٥ ئەویش پێی فەرمووم:
«تەماشا بکە،
ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ،
جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»