ڕزگاریی ئیسرائیل
١ لەو ڕۆژەدا،
یەزدان بە شمشێرە
ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی،
سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە،
لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە،
ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.
٢ لەو ڕۆژەدا
«گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:
٣ من یەزدانم،
چاودێری ئەوم،
هەموو ساتێک ئاوی دەدەم.
بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم
نەوەک ئازار بدرێت.
٤ هەڵچوونم نییە.
وای ئەگەر لە جەنگدا دڕکوداڵیان دەخستە بەرپێم!
من پێشێلم دەکردن و دەمسووتاندن،
گڕم لە هەموویان بەردەدا.
٥ بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من
لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت،
ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»
٦ لە داهاتوودا،
یاقوب ڕەگ دادەکوتێت،
ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات،
ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.
٧ ئایا یەزدان لێیدان
بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟
یان ئەوەندەی لێ کوشتن
وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟
٨ بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد،
ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی
لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.
٩ لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت،
ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی
بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە
وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات،
نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر
بە پێوە نەمێنێت.
١٠ شاری قەڵابەند تەنهایە،
ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی،
لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و
لەوێ پاڵ دەداتەوە و
لقەکانی تێکدەدات.
١١ کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و
ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن،
چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە،
لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و
شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.