نیشانە و پەند لەسەر میسر و کوش
١ لە ساڵی هاتنی فەرماندە گشتییەکە بۆ ئەشدۆد،
 کاتێک سەرگۆنی پاشای ئاشور ناردی و لەگەڵ ئەشدۆد جەنگا و گرتی، 
 ٢ لەو کاتەدا یەزدان لە ڕێگەی ئیشایای کوڕی ئامۆچەوە قسەی کرد و فەرمووی:
 «بڕۆ جلوبەرگە گوشەکە لە کەمەرت بکەرەوە و پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە.»
 ئەویش بەم جۆرەی کرد و بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت.
٣ ئینجا یەزدان فەرمووی:
 «وەک ئەوەی ئیشایای بەندەم بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت،
 ئەمە نیشانە و پەندە لەسەر میسر و لەسەر کوش، 
 ٤ پاشای ئاشوریش بۆ ڕیسوایی میسر بەم جۆرە ڕاپێچکراوانی میسر و دیلەکانی کوش،
 گەنج و پیر بە ڕووتی و پێ خاوسی و سمت ڕووتی دەداتە پێش خۆی. 
 ٥ دەتۆقن و شەرمەزار دەبن لەبەر کوش کە مایەی هیوایان بوو و لەبەر میسر کە مایەی شانازییان بوو. 
 ٦ جا دانیشتووی ئەم کەنارە لەو ڕۆژەدا دەڵێت:
 ”سەیر بکەن چی بەسەر ئەوانەدا هاتووە کە چاوەڕێمان دەکرد لە بەرامبەر پاشای ئاشور فریامان بکەون!
 ئیتر ئێمە چۆن ڕزگارمان دەبێت؟“»