١ ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت،
ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە،
٢ بە یەزدان دەڵێ:
«تۆ پەناگامی،
قەڵامی،
خودای منی،
پشتت پێ دەبەستم.»
 
٣ بێگومان لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات،
لە دەرد و بەڵای کوشندە.
٤ بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت،
لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و
دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.
٥ نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و
نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،
٦ نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت،
نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.
٧ هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە،
دە هەزار لەلای دەستی ڕاستت،
بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.
٨ بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و
سزای بەدکاران دەبینیت.
 
٩ ئەگەر یەزدانت کرد بە پەناگات،
هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،
١٠ هیچ خراپەت بەسەرنایەت و
هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.
١١ لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،
١٢ لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.
١٣ پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت،
بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.
 
١٤ یەزدان دەفەرموێت:
«لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە،
ڕزگاری دەکەم،
دەیپارێزم،
چونکە من دەناسێت*.
١٥ نزام بۆ دەکات،
وەڵامی دەدەمەوە،
لە تەنگانە لەگەڵیدام،
دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
١٦ بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،
ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»