زەبوورێک، گۆرانییەک بۆ ڕۆژی شەممە.
١ چاکە ستایشی یەزدان بکرێت،
گۆرانی گوتن بۆ ناوت،
ئەی هەرەبەرز،
٢ بەیانییان خۆشەویستی نەگۆڕت ڕابگەیەنرێت و
دڵسۆزیت بە شەوان،
٣ بە قیسارەی دە ژێیی،
بە ئاوازی ساز.
 
٤ ئەی یەزدان،
بە کردارەکانت دڵخۆشت کردووم،
هەلهەلە لێدەدەم بۆ کارەکانی دەستت.
٥ ئەی یەزدان،
کردارەکانت چەندە مەزنە!
بیرکردنەوەی تۆ چەندە قووڵە!
٦ مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت،
نەزانیش ئەمە تێناگات:
٧ هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و
هەموو بەدکاران چرۆ بکەن،
بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
 
٨ بەڵام ئەی یەزدان،
تۆ هەمیشە بەرزیت.
 
٩ ئەی یەزدان،
دوژمنانت،
بێگومان دوژمنانت دەفەوتێن و
هەموو بەدکاران پەرتەوازە دەبن.
١٠ بەڵام وەک گای کێوی بەهێز بووم،
بە ڕۆنی گرانبەها چەور کرام.
١١ بە چاوی خۆم بەزینی دوژمنانم دەبینم،
گوێم لە بەزینی ئەوانە دەبێت کە بە خراپە دژم هەستاون.
 
١٢ ڕاستودروستان وەک دار خورما گەشە دەکەن،
وەک ئورزی لوبنان گەشە دەکەن،
١٣ لە ماڵی یەزدان ڕواون،
لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن.
١٤ بە پیریش هەر بەریان دەبێت،
هەمیشە تەڕ و سەوزن،
١٥ بۆ ئەوەی ڕابگەیەنن کە یەزدان ڕاستودروستە،
تاشەبەردمە و خراپە لە ئەودا نییە.