بتەکانی میخا
١ پیاوێک هەبوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بە ناوی میخا، 
 ٢ بە دایکی گوت:
 «ئەو هەزار و سەد شاقل* زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد،
 ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.»
دایکیشی گوتی:
 «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!»
٣ کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە،
 دایکی گوتی:
 «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم،
 بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو.
 ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»
٤ جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی،
 دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی* برد و دای بە زیوگەرێک،
 ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.
٥ جا میخا بتخانەی هەبوو،
 ئێفۆد* و بتی* دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی. 
 ٦ لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو،
 هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
٧ گەنجێک لە بێتلەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا،
 خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو. 
 ٨ لە شارۆچکەکەوە لە بێتلەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت.
 کاتێک بەڕێوە بوو،
 هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.
٩ میخاش پێی گوت:
 «لەکوێوە هاتوویت؟»
ئەویش گوتی:
 «من لێڤیم و خەڵکی بێتلەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.»
١٠ میخاش پێی گوت:
 «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم،
 لە ساڵێکدا دە شاقل* زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.»
 جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و 
 ١١ ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە،
 گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی. 
 ١٢ ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا. 
 ١٣ جا میخا گوتی:
 «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات،
 چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»