شارەکانی پەناگا
١ ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
٢ «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ:
”شاری پەناگا بۆ خۆتان دابنێن،
هەروەک لە ڕێگەی موساوە پێم فەرموون،
٣ هەتا ئەو کەسەی بەبێ ئەنقەست و بە ڕێککەوت کەسێکی دیکە دەکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت،
جا دەبێتە پەناگاتان لە دەست خوێنگری* تۆڵەسێنەر.
٤ با بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵبێت و لە دەروازەی شارەکەدا بوەستێت و کێشەکەی بۆ پیرانی ئەو شارە بگێڕێتەوە و ئەوانیش لە شارەکەدا دەیگرنە خۆیان و شوێنێکی دەدەنێ،
جا لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت.
٥ ئەگەر هاتوو خوێنگرەکەش دوای کەوت،
ئەوان تۆمەتبارکراوەکە نادەنە دەستیەوە،
چونکە بە ڕێککەوت نزیکەکەی خۆی کوشتووە و پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە.
٦ ئیتر لەو شارە نیشتەجێ دەبێت،
هەتا ئەو کاتەی بۆ بڕیاردان لەبەردەم ئەنجومەن ڕادەوەستێت و هەتا مردنی سەرۆکی کاهینی ئەو سەردەمە،
ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی،
بۆ ئەو شارۆچکەیەی لێی هەڵاتبوو.“»
٧ جا قەدەشیان لە جەلیل لە ناوچە شاخاوییەکانی نەفتالی تەرخان کرد و شەخەمیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا.
٨ هەروەها لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیش لەلای ئەریحا،
بەچەریان لە چۆڵەوانی لە دەشتە بەرزەکەی هۆزی ڕەئوبێن نیشان کرد و ڕامۆت لە گلعاد لە هۆزی گاد و گۆلان لە باشان لە هۆزی مەنەشە.
٩ ئەمانە شارەکانی پەناگان بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەی لەنێویاندا دەژیێت،
هەتا ئەوەی بەبێ ئەنقەست کەسێکی دیکەی کوشت بۆ ئەوێ هەڵبێت،
جا بە دەستی خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە ناکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن نەوەستێت بۆ دادگاییکردنی.