داوای نوێژکردن
١ لە کۆتاییدا ئەی خوشکان و برایانم،
نوێژمان بۆ بکەن،
تاکو پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆدار بێت،
هەروەک ئەوەی لەلای ئێوە ڕوویدا،
٢ هەروەها تاکو لە کەسانی بەد و خراپ ڕزگارمان بکات،
چونکە هەمووان باوەڕیان نییە.
٣ بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ دڵسۆزە،
ئەوەی دەتانچەسپێنێت و لە شەیتان دەتانپارێزێت.
٤ بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە متمانەمان بە ئێوە هەیە کە ئەوەی ڕامانسپاردوون دەیکەن و بەردەوام دەبن لەسەری.
٥ با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.
ئاگاداری بۆ تەمبەڵەکان
٦ ئێستاش خوشکان،
برایان،
بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە ڕاتاندەسپێرین کە لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو فێرکردنە ناڕوات کە لە ئێمەوە وەریگرتووە.
٧ ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە،
چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین،
٨ بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە،
بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە،
تاکو نەبینە بار بۆ کەستان.
٩ ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان* نییە،
بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە.
١٠ تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان:
«ئەوەی کار نەکات،
ناخوات.»
١١ ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆتان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن.
١٢ بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن.
١٣ خوشک و برایان،
ئێوەش لە چاکەکاری ماندوو مەبن.
١٤ ئەگەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەو ڕاسپاردانە نەبوو کە لەم نامەیەدا هاتووە،
دیاری بکەن و تێکەڵی مەبن تاکو شەرمەزار بێت.
١٥ بە دوژمنی دامەنێن،
بەڵکو وەک برایەک ئاگاداری بکەنەوە.
سڵاوی کۆتایی
١٦ با مەسیحی پەروەردگاری ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ.
با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.
١٧ من پۆڵسم و بە دەستخەتی خۆم ئەم سڵاوە دەنووسم.
ئەمەش نیشانەیەکی ڕاستیی هەموو نامەکانی منە،
من بەم شێوەیە نامە دەنووسم.
١٨ با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت.