ژنهێنان و تەڵاقدان
١ کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە،
 جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا،
 لەبەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون. 
 ٢ خەڵکێکی زۆر دوای کەوت،
 ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە.
٣ هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە و گوتیان:
 «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
٤ عیسا وەڵامی دانەوە:
 «ئایا نەتانخوێندووەتەوە،
 ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان﴾*؟ 
 ٥ هەروەها فەرمووی:
 ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت،
 ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾*
 ٦ کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن.
 لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە،
 با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
٧ لێیان پرسی:
 «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە پیاو تەڵاقنامە بە ژنەکەی بدات و لێی جودا ببێتەوە؟»
٨ پێی فەرموون:
 «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن،
 ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو. 
 ٩ بەڵام پێتان دەڵێم:
 ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت،
 ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
١٠ قوتابییەکانی پێیان گوت:
 «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت،
 باشترە ژن نەهێنێت!»
١١ عیسا پێی فەرموون:
 «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن،
 تەنها ئەوانەی پێیان دراوە. 
 ١٢ خەساو هەن زگماکن،
 خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن*،
 خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین*.
 کێ دەتوانێت پەسەندی بکات،
 با پەسەندی بکات.»
عیسا منداڵان بەرەکەتدار دەکات
١٣ ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و لە پێناویاندا نوێژ بکات،
 بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
١٤ بەڵام عیسا فەرمووی:
 «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام،
 ڕێیان لێ مەگرن،
 چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.» 
 ١٥ دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.
گەنجە دەوڵەمەندەکە
١٦ ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی:
 «مامۆستا،
 چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنم؟»
١٧ عیسا وەڵامی دایەوە:
 «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟
 تەنها یەکێک چاکە.
 بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە،
 ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.»
١٨ پێی گوت:
 «کامیان؟»
عیساش فەرمووی:
 «﴿مەکوژە،
 داوێنپیسی مەکە،
 مەدزە،
 شایەتی درۆ مەدە، 
 ١٩ ڕێزی دایک و باوکت بگرە،
﴾* هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾*»
٢٠ گەنجەکەش پێی گوت:
 «هەموو ئەمانەم بەجێگەیاندووە،
 ئیتر لە چیم کەمە؟»
٢١ عیسا پێی فەرموو:
 «ئەگەر دەتەوێت کامڵ و تەواو بیت،
 بڕۆ هەرچیت هەیە بیفرۆشە و بیدە هەژاران،
 ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»
٢٢ بەڵام گەنجەکە کە ئەم قسەیەی بیست،
 بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت،
 چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
٢٣ عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو:
 «ڕاستیتان پێ دەڵێم:
 بە زەحمەت دەوڵەمەند دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە. 
 ٢٤ دیسان پێتان دەڵێم:
 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
٢٥ قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون و گوتیان:
 «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
٢٦ عیساش سەیری کردن و فەرمووی:
 «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە،
 بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
٢٧ ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت:
 «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین،
 ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»
٢٨ عیساش پێی فەرموون:
 «ڕاستیتان پێ دەڵێم،
 لە نوێبوونەوەدا*،
 کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت،
 ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. 
 ٢٩ هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من،
 ماڵ،
 برا،
 خوشک،
 دایک،
 باوک،
 ژن،
 منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە،
 سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت. 
 ٣٠ بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»