کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟
١ لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان:
«کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟»
٢ ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت،
٣ فەرمووی:
«ڕاستیتان پێ دەڵێم:
ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت،
هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
٤ بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە،
لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە.
٥ ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات،
پێشوازی لە من دەکات.
ئاگادارکردنەوە لە کەوتنە ناو گوناه
٦ «ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناە بکات،
باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.
٧ قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناە دەکەن،
چونکە گوناهکردن هەر دەبێت هەبێت،
بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە دەبێتە هۆکار بۆ کەوتنە نێو گوناه.
٨ ئەگەر دەستت یان پێت تووشی گوناهی کردیت،
بیبڕەوە و فڕێیبدە.
* بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە،
لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە.
٩ ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت،
دەریبهێنە و فڕێیبدە.
بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
نموونەی مەڕی ونبوو
١٠ «ئاگاداربن!
بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە،
چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. ﴿
١١ کوڕی مرۆڤ هاتووە بۆ ئەوەی ونبووان ڕزگار بکات.﴾
١٢ «ڕاتان چییە؟
ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت،
ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟
١٣ ڕاستیتان پێ بڵێم:
ئەگەر دۆزییەوە،
لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت!
١٤ بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.
گلەیی برایانە
١٥ «ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت،
بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە.
ئەگەر گوێی لێگرتی،
ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە.
١٦ خۆ ئەگەر گوێی نەگرت،
یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە،
تاکو ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.﴾*
١٧ ئەگەر بەگوێی نەکردن،
بە کڵێسا بڵێ،
ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد،
ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ.
١٨ «ڕاستیتان پێ دەڵێم:
ئەوەی ئێوە لەسەر زەوی دایبخەن،
لە ئاسمانیش داخراو دەبێت،
ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە،
لە ئاسمانیش کراوە دەبێت.
١٩ «دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم:
ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون،
هەرچی داوا بکەن،
باوکم کە لە ئاسمانە بۆتان جێبەجێ دەکات،
٢٠ چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە،
من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.»
گەردن ئازادکردن
٢١ ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت:
«گەورەم،
دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟
تاکو حەوت جار؟»
٢٢ عیساش پێی فەرموو:
«من پێت ناڵێم حەوت جار،
بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار!
٢٣ «لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات.
٢٤ کاتێک دەستی پێکرد،
یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ* قەرزار بوو.
٢٥ کە هیچی نەبوو بیداتەوە،
گەورەکەی فەرمانی دا،
خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە.
٢٦ «لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی:
”لەسەرم ڕابوەستە،
هەمووت دەدەمەوە.“
٢٧ گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا،
ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو.
٢٨ «ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت،
خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار* قەرزاری بوو،
ملی گرت و گوتی:
”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“
٢٩ «خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە:
”لەسەرم ڕابوەستە،
دەتدەمەوە.“
٣٠ «بەڵام ڕازی نەبوو،
چوو فڕێیدایە زیندانەوە،
هەتا قەرزەکەی بداتەوە.
٣١ کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی،
زۆریان پێ ناخۆش بوو،
هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە.
٣٢ «ئەوسا گەورەکە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و پێی گوت:
”خزمەتکاری بەدکار،
لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم،
چونکە لێم پاڕایتەوە.
٣٣ ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە،
هەروەک چۆن من بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“
٣٤ جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە،
هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە.
٣٥ «باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات،
ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.»