قسەی ئاگور
١ قسەی ئاگوری کوڕی یاقە و سروشەکەی:
ئەم پیاوە بۆ ئیتیێلی* ڕاگەیاند
بۆ ئیتیێل و بۆ ئوخال:
٢ «من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم،
تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.
٣ فێری دانایی نەبووم و
ناسینی خودای پیرۆزم نییە.
٤ کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟
کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟
کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟
کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟
ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟
ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!
٥ «هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە،
قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
٦ هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە،
نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.
٧ «ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت،
لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:
٨ شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە،
هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ،
نانی پێویستی خۆم دەرخوارد بدە.
٩ نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و
بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“
یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و
ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.
١٠ «بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی،
نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت.
١١ «نەوەیەک هەیە نەفرەت لە باوکی دەکات و
دایکی پیرۆز ناکات.
١٢ نەوەیەک هەیە لە ڕوانگەی خۆی پاکە،
بەڵام خۆی نەشوشتووەتەوە لە پیسوپۆخڵییەکەی.
١٣ نەوەیەک هەیە چەند چاو لە هەوراز و
بەرز دەڕوانێت.
١٤ نەوەیەک هەیە ددانەکانی شمشێرن و
کاکیلەکانی چەقۆن،
بۆ خواردنی کڵۆڵەکان لەسەر زەوی و
نەدارەکان لەنێو خەڵکی.
١٥ «زەروو* دوو کچی هەیە،
هاوار دەکەن: ”بێنە، بێنە!“
«سێ شت هەن تێر نابن،
چوارەمیش ناڵێت، ”بەسە!“:
١٦ جیهانی مردووان و منداڵدانی نەزۆک و
زەوییەک تێر ئاو نەبێت و
ئاگرێک هەرگیز نەڵێت: ”بەسە!“
١٧ «ئەو چاوەی گاڵتە بە باوکی بکات و
سووکایەتی بە گوێڕایەڵی بکات بۆ دایک،
قەلەڕەشەکانی دۆڵ هەڵیدەکۆڵن و
بێچووە سیسارکە کەچەڵ دەیخۆن.
١٨ «سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من،
چوارەمیش تێناگەم:
١٩ ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان،
ڕێگای مار لەسەر بەرد،
ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و
ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ.
٢٠ «ئەمە هەڵسوکەوتی ژنی داوێنپیسە:
دەخوات* و دەمی دەسڕێتەوە و
دەڵێت: ”خراپەم نەکردووە!“
٢١ «زەوی لەژێر سێ شتدا دەلەرزێت و
لەژێر چوارەمیش ناتوانێت بەرگە بگرێت،
٢٢ خزمەتکارێک کە بووبێتە پاشا،
گێلێک کە تێر نان بێت،
٢٣ ئافرەتێک بێ ناز بێت و مێرد بکات،
کەنیزەیەک ببێت بە میراتگری خاتوونەکەی.
٢٤ «چوار شت هەن لەسەر زەوی بچووکن
بەڵام لە دانایان داناترن:
٢٥ مێروولە کۆمەڵێکی بێهێزن،
بەڵام لە هاویندا خواردنی خۆیان ئەمبار دەکەن.
٢٦ گۆڕهەڵکەنە کۆمەڵێکی بێ توانان،
بەڵام لەناو بەرد لانەکانیان دروستدەکەن.
٢٧ کوللە پاشایان نییە،
بەڵام هەموویان پۆل پۆل دەجوڵێن.
٢٨ مارمێلکە بەدەست دەگیرێن،
بەڵام لە کۆشکی پاشادان.
٢٩ «سێ شت هەن هەنگاویان سەنگینە و
چوارەمیش ڕۆیشتنی سەنگینە:
٣٠ شێر کە پاڵەوانی هەموو گیاندارەکانە،
لە ڕووی هیچ شتێک ناگەڕێتەوە،
٣١ کەڵەشێری بە فیز، تەگە،
پاشایەکیش لە سەرکردایەتی لەشکرەکەی.
٣٢ «ئەگەر گێلایەتیت کرد بە خۆهەڵکێشانت،
یان پیلانی خراپت نایەوە،
دەستت بخەرە سەر دەمت!
٣٣ چونکە شیر بهەژێنیت کەرەی لێ دەردەچێت،
لووت بهەژێنیت خوێنی لێ دێت،
تووڕەییش بهەژێنیت ناکۆکی لێ پێدا دەبێت.»