قسەی لەموئێلی پاشا
١ قسەی لەموئێلی پاشا،
ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:
٢ گوێ بگرە ڕۆڵە!
گوێ بگرە،
ڕۆڵەی هەناوم!
گوێ بگرە ڕۆڵە،
ڕۆڵەی نەزرەکانم!
٣ هێزت مەدە ژنان،
ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.
 
٤ ئەی لەموئێل،
بۆ پاشایان نییە،
بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن،
بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،
٥ نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن،
مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.
٦ ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت،
شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.
٧ با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات،
ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.
 
٨ بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن،
بۆ مافی هەموو دەربەدەران.
٩ دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە،
پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.
بەشی کۆتایی*: ژنی خانەدان
١٠ کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟
نرخی لە یاقووت* گرانترە.
١١ مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و
لە هیچی کەم نابێت.
١٢ ژنەکە بە درێژایی ژیانی
چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە.
١٣ خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،
بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.
١٤ وەک کەشتی بازرگان وایە،
خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.
١٥ هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،
خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و
ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.
١٦ لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،
بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.
١٧ ناوقەدی توند دەبەستێت و
بازووی لێ هەڵدەکات.
١٨ دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،
بە شەو چرای ناکوژێتەوە.
١٩ خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و
تەشی لەناو لەپیدایە.
٢٠ دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و
دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.
٢١ ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،
چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان* لەبەردایە.
٢٢ چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،
کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.
٢٣ مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،
لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.
٢٤ ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،
پشتێن بۆ بازرگانان* دابین دەکات.
٢٥ هێز و ڕێز بەرگی ئەون،
پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئاییندە.
٢٦ دەمی بە دانایی دەکاتەوە و
فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.
٢٧ چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،
نانی تەمبەڵی ناخوات.
٢٨ منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،
مێردەکەشی ستایشی دەکات:
٢٩ «زۆر ژن خانەدان بوونە،
بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»
٣٠ شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،
بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت،
ستایش دەکرێت.
٣١ ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و
با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن.