گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێتئێل
١ ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو:
 «هەستە و بڕۆ بۆ بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە.
 هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە،
 کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
٢ ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت:
 «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە،
 ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن. 
 ٣ با هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین،
 لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» 
 ٤ ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب،
 یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. 
 ٥ ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان،
 ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
٦ یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان. 
 ٧ لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا،
 شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێتئێل*،
 چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی،
 خودای بۆ دەرکەوت.
٨ دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد،
 لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا.
 ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت*.
٩ کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە،
 دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. 
 ١٠ خودا پێی فەرموو:
 «ناوت یاقوبە،
 بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت،
 بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.»
 ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
١١ ئینجا خودا پێی فەرموو:
 «من خودای هەرە بەتوانام،
 بەردار بە و زۆر بە.
 نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن،
 پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. 
 ١٢ ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق،
 هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» 
 ١٣ ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد.
١٤ یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو،
 ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد. 
 ١٥ یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
مردنی ڕاحێل و ئیسحاق
١٦ ئینجا هەموویان لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن.
 کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات،
 ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون،
 منداڵبوونێکی دژوار. 
 ١٧ لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو،
 مامانەکە پێی گوت:
 «مەترسە،
 چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.» 
 ١٨ ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی،
 لەبەر ئەوەی دەمرد،
 کوڕەکەی ناو نا بەنئۆنی*.
 بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین*.
١٩ ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە. 
 ٢٠ یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد،
 کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
٢١ ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 
 ٢٢ کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا،
 ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد.
 ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.
یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
٢٣ کوڕەکانی لێئە:
ڕەئوبێن،
 نۆبەرەکەی یاقوب.
شیمۆن،
 لێڤی،
 یەهودا،
 یەساخار و زەبولون.
٢٤ کوڕەکانی ڕاحێل:
یوسف و بنیامین
٢٥ کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:
دان و نەفتالی.
٢٦ کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:
گاد و ئاشێر.
ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن،
 کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.