پاراستنی بەندەکانی خودا
١ پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون،
چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن.
٢ فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو،
بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن و گوتی:
٣ «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.»
٤ گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە.
 
٥ لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو،
لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار،
لە هۆزی گاد دوازدە هەزار،
٦ لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار،
لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار،
لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار،
٧ لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار،
لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار،
لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار،
٨ لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار،
لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار،
لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو.
خەڵکانێکی سپیپۆش
٩ پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات،
لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون،
جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو،
١٠ بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:
«ڕزگاری هی خودامانە،
کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و
هی بەرخەکەیە.»
١١ هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون،
پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە،
لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد،
١٢ دەیانگوت:
«ئامین!
ستایش و شکۆ و دانایی و
سوپاس و ڕێز و هێز و توانا
بۆ خودامانە،
هەتاهەتایە!
ئامین!»
١٣ دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم:
«ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»
١٤ منیش پێم گوت:
«گەورەم،
تۆ دەزانیت.»
پێی گوتم:
«ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە.
١٥ بۆیە
«لەبەردەم تەختی خودان و
شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و
دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
١٦ ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،
نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر،
١٧ چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و
بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،
خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»