مرۆڤی سەرپێچی
١ ئیتر خوشکان و برایان،
دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا،
داواتان لێ دەکەین
٢ خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە،
بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی،
پەیامی زارەکی،
یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە.
٣ بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ،
چونکە ئەو ڕۆژە نایەت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە* نەیەت و مرۆڤی سەرپێچی*،
واتا کوڕی وێرانبوو* دەرنەکەوێت،
٤ ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە،
تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و بانگەشەی خودایەتی دەکات.
٥ ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟
٦ ئێستاش دەزانن چی بەربەستە،
تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت.
٧ ئێستا هێزی سەرپێچی بە نهێنیی کار دەکات،
بەڵام تەنها هەتا ئەو کاتەی بەربەست لەسەر ڕێ لادەچێت*.
٨ ئەوسا سەرپێچیکار* ئاشکرا دەکرێت،
ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت.
٩ هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە.
ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەرسوڕهێنەری درۆیین بەکاردەهێنێت،
١٠ هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت،
چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە،
ئەوەی ڕزگاریان دەکات.
١١ لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی باوەڕ بە درۆ بکەن،
١٢ تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە،
تاوانبار بکرێن.
١٣ بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ،
ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین،
چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە تاکو بەهۆی پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕتان بە ڕاستییەکە،
ڕزگارتان بێت.
١٤ بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن،
بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
١٥ کەواتە خوشکان و برایان،
چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون،
چ بە وشە بێت یان بە نامە.
١٦ با عیسای مەسیحی پەروەردگارمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان،
ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین،
١٧ ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.