١ وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن،
٢ چونکە دەفەرموێ:
﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.
*
ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.
خۆسەلماندنی پۆڵس
٣ لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ،
نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت،
٤ بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین:
بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان،
لە تەنگانە،
ناخۆشی و لێقەومان،
٥ لە لێدان و زیندان و ئاژاوە،
ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی،
٦ بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی،
بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی،
٧ لە قسەی ڕاستدا،
لە هێزی خودا،
بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ،
٨ بە شکۆ و سووکایەتی،
ناوزڕاو و ناوبانگ،
کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین،
٩ وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین،
وەک مردوو ئەوەتا زیندووین،
وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین،
١٠ وەک خەمبار،
بەڵام هەردەم دڵشادین،
وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین،
وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.
١١ ئەی کۆرنسۆسییەکان،
بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە.
١٢ ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین،
بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن.
١٣ ئەمە ئاڵوگۆرکارییە،
وەک بۆ منداڵانم دەدوێم،
ئێوەش دڵتان بکەنەوە.
پەرستگای خودای زیندوو
١٤ لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا* مەبن،
چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟
یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟
١٥ چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا* هەیە؟
یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟
١٦ پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟
چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین،
وەک خودا فەرموویەتی:
﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و
لەگەڵیان دەڕۆم،
دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾*
١٧ ﴿یەزدان دەفەرموێ:
لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
بەجێیان بهێڵن.
دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن،
ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾*
١٨ ﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾*