حەگەی
بانگەوازێک بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان
١ لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی:
٢ یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم گەلە گوتیان:
”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“»
٣ ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات:
٤ «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن،
بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟»
٥ ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.
٦ زۆرتان چاند،
بەڵام کەم هات.
خواردتان،
بەڵام تێر نەبوون.
خواردتانەوە،
بەڵام تینووێتیتان نەشکا.
بەرگتان پۆشی،
بەڵام گەرم نەبوونەوە.
کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت،
بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.»
٧ یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.
٨ سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن،
لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم.
٩ چاوەڕێی زۆرتان کرد،
بەڵام کەم هات.
ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە،
فووم لێی کرد.
لەبەر چی؟
لەبەر ماڵەکەم،
ئەوەی کە وێرانە،
ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە.
١٠ لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی لەسەر ئێوە ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت.
١١ من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان،
بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت،
بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت،
بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ،
بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
 
١٢ ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر بوون کە یەزدانی پەروەردگاریان ناردبووی،
گەلیش لەبەردەم یەزدان ترسان.
١٣ ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی:
«یەزدان دەفەرموێت،
من لەگەڵتاندام.»
١٤ ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل،
جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا،
١٥ لە بیست و چواری مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.