سەفەنیا
١ پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا،
لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:
ئاگادارکردنەوە بۆ هاتنی وێرانکاری
٢ «هەموو شتێک لەسەر ڕووی زەوی
بە تەواوەتی دادەماڵم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٣ «مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم،
باڵندەکانی ئاسمان و
ماسییەکانی دەریا دادەماڵم.
بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و
مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پێشبینییەک سەبارەت بە یەهودا
٤ «دەستم بۆ سەر یەهودا و
بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم.
ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم،
ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
٥ ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن
بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان،
ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن،
هەروەها سوێند بە مۆلەخیش* دەخۆن،
٦ لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»
٧ لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە،
چونکە ڕۆژی یەزدان* نزیکە.
یەزدان قوربانی ئامادە کردووە،
بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.
٨ لە ڕۆژی قوربانی یەزدان
میران سزا دەدەم
هەروەها کوڕانی پاشا و
هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
٩ لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم
کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن،
*
ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن
لە ستەم و فێڵبازی.
١٠ یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا،
دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە،
ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت،
دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
١١ ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش* بناڵێنن،
هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن،
هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
١٢ لەو سەردەمەدا،
بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و
ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین،
ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە،
لە دڵی خۆیاندا دەڵێن:
”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
١٣ ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت،
ماڵیان وێران دەبێت.
ماڵ بنیاد دەنێن و
تێیدا دانانیشن؛
ڕەز دەچێنن و
لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
ڕۆژی گەورەی یەزدان
١٤ «ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە،
نزیکە و زۆر بە پەلەیە.
هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت،
پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
١٥ ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە،
ڕۆژی تەنگانە و ئازارە،
ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە،
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
١٦ ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە
لە دژی شارە قەڵابەندەکان و
لە دژی قوللە بەرزەکان.
١٧ «تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم،
وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن،
چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد.
ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و
هەناویشیان وەک زبڵ.
١٨ نە زیو و نە زێڕەکەیان
ناتوانن دەربازیان بکەن،
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان.
«بە ئاگری ئیرەییەکەی*
هەموو زەوی هەڵدەلووشێت،
چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات
بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»