سکاڵای یەزدان لە دژی ئیسرائیل
١ گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت:
«هەستە،
بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە،
با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.
 
٢ «ئەی چیاکان،
گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن،
ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی،
ئێوەش گوێ بگرن!
چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی،
داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.
 
٣ «ئەی گەلەکەم،
چیم لێت کردووە؟
بە چی نیگەرانم کردوویت؟
وەڵامم بدەوە!
٤ من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت،
لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە.
من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات،
هەروەها هارون و مریەمیش.
٥ ئەی گەلەکەم،
بیهێنەرەوە یادت
بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و
بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە.
گەشتەکەت لە شەتیمەوە هەتا گلگال بهێنەرەوە یادت،
تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»
 
٦ بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و
بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟
ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی،
بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟
٧ ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و
بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟
ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم،
بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟
٨ ئەی مرۆڤ،
یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و
داوای چیت لێدەکات:
دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و
بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.
تاوان و سزای ئیسرائیل
٩ ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن!
دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات:
«ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە،
گوێ بگرن!
١٠ ئەی ماڵی خراپەکار،
ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟
ئایا ئێفەی* ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟
١١ ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم،
ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟
١٢ دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن،
دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و
بە زمانیان فێڵ دەکەن.
١٣ لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم،
لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.
١٤ ئێوە دەخۆن و تێر نابن،
گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت.
ئەمبار دەکەن،
بەڵام هیچ نامێنێتەوە،
چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.
١٥ ئێوە دەچێنن و نادورنەوە،
زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن،
ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە،
١٦ چونکە فەرزەکانی عۆمری* و
هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤتان بەجێهێناوە و
ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر.
لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و
دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و
تانە و تەشەری نەتەوەکان.»