بەڵێنی دەرکەوتنی فەرمانڕەوایەک لە بێت‌لەحمەوە
١ ئەی شاری سوپاکان،
سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،
چونکە گەمارۆ دراوین.
بە گۆچان لە ڕوومەتی
ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.
 
٢ «بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی ئەفراتە،
هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی* یەهودا بچووکیت،
بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت
ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،
لە ئەزەلەوەیە.»
 
٣ لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات
هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،
پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە
بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.
 
٤ جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات
بە هێزی یەزدان،
بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
جا بە ئاسوودەیی دەژین،
چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.
 
٥ ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،
کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و
پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.
حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،
لەگەڵ هەشت میر.
٦ بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و
خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو.
بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات،
کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و
کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.
 
٧ پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت،
وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە،
وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا،
ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و
بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.
٨ پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان،
لەنێو چەندین گەل،
وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا،
وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا،
ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات،
کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.
٩ دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و
هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.
١٠ یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و
گالیسکەکانت تێک دەشکێنم.
١١ شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و
هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.
١٢ ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و
لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.
١٣ بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و
لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت* لە ناوەڕاستت،
ئیتر کڕنۆش نابەیت
بۆ دەستکردی دەستەکانت.
١٤ ستوونە ئەشێراکانت* لەنێوتدا هەڵدەکێشم و
شارەکانت وێران دەکەم.
١٥ بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە
لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»