تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت
١ ئەی ئیسرائیل،
بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
٢ ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
بگەڕێنەوە لای یەزدان،
پێی بڵێن:
«لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.*
٣ ئاشور ڕزگارمان ناکات.
سواری ئەسپ نابین،
جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
”خوداوەندەکانمان،“
چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»
 
٤ «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
٥ بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
٦ چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
٧ نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
وەک مێو دەگەشێتەوە.
ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
٨ ئەی ئەفرایم،
لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»
 
٩ کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.