دورینەوەی گەردەلوول
١ «کەڕەنا ببە بۆ دەمت!
هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان،
لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و
لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.
٢ هاوار بۆ من دەکەن:
”ئەی خودای ئێمە،
ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“
٣ بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە،
لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.
٤ ئەوان پاشایان دانا،
بەڵام لە منەوە نەبوو،
میریان دانا،
کە من نایانناسم.
لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد،
بۆ لەناوچوونیان.
٥ ئەی سامیرە،
بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ!
تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت.
هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟
٦ هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن!
وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە،
نابێتە خودا.
گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.
 
٧ «ئەوان با دەچێنن و
گەردەلوول دەدورنەوە.
چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و
ئاردی لێ دروستناکرێت و
ئەگەر دروستیش کرا
بێگانەکان هەڵیدەلووشن.
٨ ئیسرائیل هەڵلووشرا!
ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا
وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.
٩ وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها
چوونە ئاشور.
ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.
١٠ هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە،
بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە،
ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار* دەفەوتێن.
 
١١ «هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد،
بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.
١٢ شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم،
بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.
١٣ قوربانیم پێشکەش دەکەن و
خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن،
بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە.
ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و
سزای گوناهەکانیان دەدات:
ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.
١٤ ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و
چەندین کۆشکی بنیاد نا،
یەهوداش شارە قەڵابەندەکان.
بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی
ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»