ڕزگاری بۆ ئەوانەی دوورن
١ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دادپەروەری بپارێزن و
ڕاستودروستی ئەنجام بدەن،
چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و
ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.
٢ خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و
بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت،
ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و
دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»
 
٣ با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت:
«یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.»
با خەساویش نەڵێت:
«ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»
٤ لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن،
ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و
دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،
٥ لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی
یادەوەری و ناویان پێدەدەم،
لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان.
ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم
کە نابڕدرێتەوە.
٦ ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان
بۆ پەرستنی و
بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان
هەتا بۆی ببن بە بەندە،
هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و
دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە
٧ دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم،
لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم.
قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان
مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم،
چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت
بۆ هەموو گەلان.»
٨ یەزدانی باڵادەست،
ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،
دەفەرموێت:
«زیاتر کۆدەکەمەوە
لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»
خودا بەدکاران تاوانبار دەکات
٩ ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر،
ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان،
وەرن،
بخۆن!
١٠ ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن،
نەزانن.
هەموو سەگی لاڵن،
ناتوانن بوەڕن.
خەونبین و پاڵکەوتوون،
حەزیان لە خەوە.
١١ سەگەکان چاو برسین،
تێربوون نازانن.
ئەوان شوانن و تێناگەن،
هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت،
هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.
١٢ دەڵێن:
«وەرن شەراب بهێنین!
با مەی بنۆشین!
بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت،
بەڵکو زۆر باشتریش.»