بانگهێشتکردنی تینووەکان
١ «هۆ ئەی هەموو تینووەکان،
وەرن،
وەرن بۆ ئاو*،
ئەوانەش کە پارەیان نییە،
وەرن،
بکڕن و بخۆن!
وەرن ئێوە پارە مەدەن،
بەبێ نرخ
شەراب و شیر بکڕن.
٢ بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟
بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟
بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە،
با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.
٣ گوێتان شل بکەن و وەرنە لام،
گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت.
پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم،
خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.
٤ ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە،
ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.
٥ ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و
ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن،
لەبەر یەزدانی پەروەردگارت،
لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
چونکە شکۆمەندی کردیت.»
 
٦ ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە،
لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.
٧ با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و
خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی،
با بگەڕێتەوە لای یەزدان،
ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە،
بۆ لای خودامان،
چونکە زۆر لێبوردەیە.
 
٨ «بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و
ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٩ «هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە،
ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و
بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.
١٠ هەروەک چۆن باران و بەفر
لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و
ناگەڕێنەوە ئەوێ،
بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و
وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و
تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،
١١ فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە:
بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم،
بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و
سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.
١٢ ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و
بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت،
چیاکان و گردەکان
لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە،
هەموو دارەکانی دەشتودەریش
بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.
١٣ لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و
لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت،
بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک،
نیشانەیەکی هەتاهەتایی
کە لەناو ناچێت.»