١ ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت،
گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.
 
٢ ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە،
بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.
 
٣ گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت،
بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزن.
 
٤ کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە،
دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.
 
٥ شایەتی دەستپاک درۆ ناکات،
بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.
 
٦ گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە،
بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.
 
٧ لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە،
چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.
 
٨ دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی،
بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.
 
٩ گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن،
بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.
 
١٠ هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت،
کەسیش لە خۆشییەکەیدا بەشداری ناکات.
 
١١ ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت،
بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات.
 
١٢ ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،
بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.
 
١٣ بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت،
لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت.
 
١٤ کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت،
پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی.
 
١٥ ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات،
بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی.
 
١٦ کەسی دانا لە خودا دەترسێت و لە خراپە لادەدات،
بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە.
 
١٧ کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات،
پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە.
 
١٨ ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین،
بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە.
 
١٩ بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە،
خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست.
 
٢٠ هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە،
بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە.
 
٢١ ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناە دەکات،
بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.
 
٢٢ ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن.
 
٢٣ لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە،
بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە.
 
٢٤ دەوڵەمەندی تاجی دانایانە،
بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە.
 
٢٥ شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە،
بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە.
 
٢٦ ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە،
بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا.
 
٢٧ لەخواترسی کانی ژیانە،
بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.
 
٢٨ زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا،
بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە.
 
٢٩ ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات،
بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات.
 
٣٠ دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت،
بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات.
 
٣١ ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،
بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.
 
٣٢ خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت،
بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە.
 
٣٣ دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە،
هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت.
 
٣٤ ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە،
بەڵام گوناە شەرمەزاری گەلانە.
 
٣٥ ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە،
بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.