گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
١ شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
«با بچینە ماڵی یەزدان.»
٢ ئەی ئۆرشەلیم،
پێیەکانمان
لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.
 
٣ ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
وەک شارێکی یەکگرتوو.
٤ لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
هۆزەکانی یەزدان،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن
بەگوێرەی ئەو یاسایەی کە بۆ ئیسرائیل دانراوە.
٥ لەبەر ئەوەی تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
تەختەکانی بنەماڵەی داود.
 
٦ داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
«با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
٧ با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
ئاسایش لە قەڵاکانت.»
٨ لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم
داوای ئاشتیت بۆ دەکەم.
٩ لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.