زەبوورێکی داود.
١ یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
 
«لە دەستەڕاستم دابنیشە،
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ* بۆ پێیەکانت.»
 
٢ یەزدان لە سییۆنەوە هێز و دەسەڵاتەکەت فراوان دەکات،
لەناو دوژمنەکانت فەرمانڕەوایەتی دەکەیت.
٣ گەلەکەت لە ڕۆژی هێزت خۆیان پێشکەش دەکەن،
بە ئاراییشتێکی پیرۆزەوە لە منداڵدانی بەرەبەیانەوە،
تۆ شەونم لە گەنجییەتیت وەردەگریت.
 
٤ یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت لە پلەی مەلکیسادق*
 
٥ خاوەن شکۆ لە دەستەڕاستی تۆیە،
لە ڕۆژی تووڕەییەکەی پاشایان وردوخاش دەکات.
٦ لەنێو نەتەوەکان حوکم دەدات،
خاکیان پڕ دەکات لە تەرم،
سەرۆکەکان لەسەر هەموو زەوی وردوخاش دەکات.
٧ پاشا لە جۆگەی دەم ڕێگا دەخواتەوە،
لەبەر هەموو ئەمانە سەری بەرز ڕادەگرێت.