گۆرانییەک. زەبوورێکی داود.
١ ئەی خودایە،
دڵم چەسپاوە،
بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
٢ ئەی ساز و قیسارە،
هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
٣ ئەی یەزدان،
لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
٤ چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە،
لە ئاسمان بەرزترە،
دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
٥ ئەی خودایە،
بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
 
٦ بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
٧ خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت* دەپێوم.
٨ گلعاد هی منە،
مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا* داری دەسەڵاتی منە.
٩ مۆئاب* دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
 
١٠ کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
١١ ئەی خودایە،
مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
١٢ یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
١٣ لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.