زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک.
١ خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا،
٢ یەزدان دەروازەکانی سییۆنی
لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت.
 
٣ ئەی شاری خودا،
بە شکۆمەندی باست کراوە:*
٤ «ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم،
خەڵکی ڕاهەب* و بابل لەنێویاندان،
لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش،
سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت:
”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“»
٥ دەربارەی سییۆن دەگوترێ:
«ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و
خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.»
٦ یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات:
«ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.»
 
٧ سەماکەران گۆرانی دەڵێن:
«هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.»