بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
١ ئەی خودایە،
ستایشت دەکەین،
ستایشت دەکەین،
چونکە ناوت نزیکە،
خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.
 
٢ تۆ دەفەرمووی:
«کات دیار دەکەم،
بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
٣ کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.*
٤ بە لووتبەرزان دەڵێم:
”لووتبەرز مەبن،“
بە خراپەکاران:
”هێزتان دەرمەخەن.
٥ هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»
 
٦ نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
٧ بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
٨ جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات،
هەموو بەدکارانی سەر زەوی
لێی بخۆنەوە و هەتا خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.
 
٩ بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم،
کە دەفەرموێت:
١٠ «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»