بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان، زەبوورێک، گۆرانییەک.
١ با خودا لەگەڵمان میهرەبان بێت و بەرەکەتدارمان بکات،
ڕوخساری خۆیمان بەسەردا بدرەوشێنێتەوە،*
٢ تاکو ڕێگات لەسەر زەوی زانراو بێت،
ڕزگاریت لەناو هەموو نەتەوەکان.
 
٣ ئەی خودایە،
با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
٤ با نەتەوەکان دڵخۆش بن و گۆرانی شادی بڵێن،
چونکە بە ڕێکی حوکمی خەڵک دەکەیت و
ڕێنمایی نەتەوەکانی سەر زەوی دەکەیت.
٥ ئەی خودایە،
با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
 
٦ ئینجا زەوی بەروبوومی دەدات،
خودا،
خودامان،
بەرەکەتدارمان دەکات.
٧ خودا بەرەکەتدارمان دەکات،
سەرتاسەری زەوی لێی دەترسن.