بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.
١ ئەی خودایە،
ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
٢ ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
٣ کاتێک گوناە بەسەرماندا زاڵ بوو،
تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
٤ خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.
 
٥ بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
٦ کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
بە توانا خۆتت چەکدار کردووە،
٧ کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
هەروەها ئاژاوەی گەلان.
٨ ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین،
لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەترسن.
لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
 
٩ بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
١٠ هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
١١ بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
١٢ لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
١٣ مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.