بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.
١ ئەی فەرمانڕەوایان،
ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟
ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
٢ بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،
هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.
 
٣ بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،
لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
٤ ژەهریان وەک ژەهری مارە،
وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
٥ کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،
هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.
 
٦ ئەی خودایە،
ددانیان لە دەمیان بشکێنە،
ئەی یەزدان،
کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
٧ با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،
با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
٨ وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،
وەک منداڵی لەبارچوو،
با خۆر نەبینن.
 
٩ پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،
چ تەڕ بن چ وشک بن،
خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
١٠ کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،
پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
١١ ئینجا خەڵکی دەڵێن:
«بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،
بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»