زەبوورێکی داود.
١ زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
٢ چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.
 
٣ کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
٤ ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
بە درۆ سوێند نەخوات.
 
٥ لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
٦ ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن،
ئەی خودای یاقوب.*
 
٧ ئەی دەروازەکان،
سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان،
بەرزبنەوە،
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
٨ ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
٩ ئەی دەروازەکان،
سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان،
بەرزبنەوە!
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
١٠ ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.