بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
١ با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
٢ با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
٣ با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.*
٤ با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
٥ هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.
 
با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.
 
٦ ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی* ڕزگار دەکات،
لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
بە توانای ڕزگاریی دەستی ڕاستی.
٧ هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
٨ ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
٩ ئەی یەزدان،
پاشا ڕزگار بکە!
کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!