بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود.
١ ئەی خودای ڕاستودروستم،
کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە وەرە،
لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
 
٢ ئەی خەڵکینە،
هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟*
٣ بەڵام بزانن کە یەزدان دڵسۆزەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.
 
٤ کاتێک تووڕە دەبن،
گوناە مەکەن،
بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتانن
لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
٥ قوربانیی ڕاستودروست بکەن و
پشت بە یەزدان ببەستن.
 
٦ زۆر کەس دەڵێن:
«کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
ئەی یەزدان،
با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت*.
٧ تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.
 
٨ ئەی یەزدان،
بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.