١ بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
٢ پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی* و دەڵێن:
٣ «با کۆتەکانیان بشکێنین و
زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»
 
٤ ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
٥ ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
٦ «من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن* داناوە،
لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
 
٧ من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
پێی فەرمووم:
«تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
٨ داوام لێ بکە،
نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
٩ بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»
 
١٠ بۆیە،
ئەی پاشایان،
وریابن،
سەرۆکەکانی زەوی،
ئاگاداربن.
١١ بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
١٢ کوڕەکە ماچ* بکەن،
نەوەک تووڕە ببێت و
لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.