ناردنەوەی داود بۆ چیقلەگ
١ فەلەستییەکان هەموو لەشکرەکانیان لە ئەفێق کۆکردەوە،
ئیسرائیلییەکانیش لەسەر ئەو کانییەی لە یەزرەعیل بوو خێوەتگایان دامەزران.
٢ ئینجا حوکمڕانە* فەلەستییەکان بە یەکەکانی سەدان و هەزاران تێپەڕ بوون،
داود و پیاوەکانیش لە دوایانەوە لەگەڵ ئاخیش تێپەڕین.
٣ جا سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان:
«ئەو عیبرانیانە چین؟»
ئاخیش بە سەرلەشکرە فەلەستییەکانی گوت:
«ئەی ئەمە داودی پیاوی شاولی پاشای ئیسرائیل نەبوو؟
ئەوە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵمدایە،
لەو کاتەوەی هاتووەتە پاڵمان هەتا ئەمڕۆ هیچم لێ نەبینیوە.»
٤ بەڵام سەرلەشکرە فەلەستییەکان لێی تووڕە بوون و پێیان گوت:
«ئەم پیاوە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆت دیاری کردووە.
نابێت لەگەڵمان بێت بۆ جەنگ،
ئەگینا لە کاتی شەڕدا لە دژمان هەڵدەگەڕێتەوە.
چ شتێک لە سەری ئەم پیاوانەی ئێمە باشتر دەتوانێت دووبارە متمانەی گەورەکەی بەدەست بهێنێتەوە؟
٥ ئەی ئەمە ئەو داودە نییە کە ئافرەتان بەدەم سەماوە گۆرانییان بۆی دەگوت:
«”شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار.“»
٦ ئینجا ئاخیش داودی بانگکرد و پێی گوت:
«بە یەزدانی زیندوو،
تۆ سەرڕاستیت،
ئەگەر بێت و لەگەڵ من خزمەتی سەربازی بکەی،
لەلام پەسەندە،
چونکە لەو ڕۆژەوەی هاتوویت بۆ لام هەتا ئەمڕۆ هیچ خراپەیەکم لە تۆدا نەبینیوە،
بەڵام بەلای فەرماندە فەلەستییەکانەوە پەسەند نیت.
٧ ئێستا بگەڕێوە و بە سەلامەتی بڕۆ،
هیچ خراپەیەک لەبەرچاوی فەرماندە فەلەستییەکاندا مەکە.»
٨ ئینجا داود بە ئاخیشی گوت:
«من چیم کردووە،
لەو ڕۆژەوەی بۆ لات هاتووم هەتا ئەمڕۆ چیت لە خزمەتکارەکەت بینیوە،
هەتا نەیەم و جەنگ لە دژی دوژمنەکانی پاشای گەورەم نەکەم؟»
٩ ئاخیشیش وەڵامی دایەوە و بە داودی گوت:
«من دەزانم تۆ لەلای من پەسەندیت،
لەلای من وەک فریشتەی خودایت،
بەڵام سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان:
”نابێت لەگەڵماندا بۆ جەنگ دابەزێت.“
١٠ ئێستاش بەیانی زوو هەستە و لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەت ئەوانەی لەگەڵتدا هاتوون،
لەگەڵ ڕۆشنایی بەرەبەیاندا بڕۆن.»
١١ ئینجا بەیانی زوو داود و پیاوەکانی هەستان بۆ ئەوەی لە بەرەبەیان بەڕێ بکەون و بگەڕێنەوە خاکی فەلەستییەکان،
فەلەستییەکانیش بۆ یەزرەعیل سەرکەوتن.