شاول و جادووگەرەکەی کانی دۆر
١ ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا فەلەستییەکان سوپاکانیان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆکردەوە،
جا ئاخیش بە داودی گوت:
«دڵنیابە،
خۆت و پیاوەکانت لە سوپاکەدا لەگەڵ من دەبن.»
٢ داودیش بە ئاخیشی گوت:
«ئینجا دەزانیت خزمەتکارەکەت چی دەکات.»
ئاخیش بە داودی گوت:
«لەبەر ئەوە بە درێژایی ژیانت دەتکەمە پاسەوانی ژیانم.»
٣ کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا،
لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان.
لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر* و ڕۆح ئامادەکارەکانی* لە خاکەکە دوورخستبووەوە.
٤ لەو کاتەدا فەلەستییەکان کۆبوونەوە و هاتن و لە شونێم خێوەتگایان هەڵدا،
شاولیش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە گلبۆع خێوەتگایان هەڵدا.
٥ جا شاول کە سوپای فەلەستییەکانی بینی ترسا و دڵی زۆر شڵەژا.
٦ کاتێک شاول پرسیاری لە یەزدان کرد،
یەزدان نە بە خەون و نە بە ئوریم* و نە بە پێغەمبەرەکان وەڵامی نەدایەوە.
٧ لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت:
«بەدوای ژنێکی نێوانگردا* بۆم بگەڕێن،
هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.»
خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت:
«ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.»
٨ ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد،
دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە،
پێی گوت:
«تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە،
ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.»
٩ بەڵام ژنەکە پێی گوت:
«خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە،
* ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟»
١٠ شاولیش بە یەزدان سوێندی بۆ خوارد و گوتی:
«بە یەزدانی زیندوو،
لەم کارەدا هیچ سزایەکت نادرێتە پاڵ.»
١١ جا ژنەکە گوتی:
«کێت بۆ دەربخەم؟»
ئەویش گوتی:
«ساموئێلم بۆ دەربخە.»
١٢ کە ژنەکە ساموئێلی بینی بە دەنگێکی بەرز قیژاندی و بە شاولی گوت:
«بۆچی هەڵتخەڵەتاندم؟
تۆ شاولیت.»
١٣ پاشاش پێی گوت:
«مەترسە،
چیت بینی؟»
ژنەکە بە شاولی گوت:
«ڕۆحێکم بینی لە زەوییەوە سەردەکەوت.»
١٤ ئەویش پێی گوت:
«شێوەی چۆنە؟»
ژنەکە گوتی:
«پیرەمێردێکە سەردەکەوێت و کەوایەکی لەبەردایە.»
جا شاول زانی ئەوە ساموئێلە،
سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.
١٥ ساموئێل بە شاولی گوت:
«بۆچی ڕاتچڵەکاندم و سەرت خستم؟»
شاولیش گوتی:
«زۆر لە تەنگانەدام.
فەلەستییەکان لە دژم دەجەنگن و خوداش لێم جیا بووەتەوە و چیدی وەڵامم ناداتەوە،
نە بەهۆی پێغەمبەرەکانەوە و نە بە خەون،
منیش بانگم کردیت هەتا پێم بڵێی چی بکەم.»
١٦ ساموئێلیش گوتی:
«بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت لە کاتێکدا یەزدان لێت جیا بووەتەوە و بووە بە دوژمنت؟
١٧ یەزدان ئەوەی بۆ داود کرد،
کە لە ڕێگەی منەوە فەرمووی.
یەزدان پاشایەتییەکەی لەژێر دەستت دەرهێنا و دای بە نزیکەکەت،
کە داودە.
١٨ وەک چۆن گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت و گڕی تووڕەیی ئەوت بەسەر عەمالێقییەکاندا نەباراند،
لەبەر ئەوە یەزدان ئەمڕۆ ئەمەی بەسەرت هێناوە.
١٩ هەروەها یەزدان،
ئیسرائیلیش لەگەڵ تۆدا بە دەست فەلەستییەکانەوە دەدات،
سبەینێ خۆت و کوڕەکانت لەگەڵ مندا دەبن،
هەروەها یەزدان سوپای ئیسرائیلیش بەدەست فەلەستییەکانەوە دەدات.»
٢٠ شاول دەستبەجێ بە درێژایی خۆی کەوتە سەر زەوی و زۆر لە قسەکانی ساموئێل ترسا.
هیچ هێزی تێدا نەما،
چونکە بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە هیچ خواردنێکی نەخواردبوو.
٢١ کاتێک ژنەکە هاتە لای شاول و بینی زۆر پەشۆکاوە،
پێی گوت:
«ئەوەتا کەنیزەکەت گوێڕایەڵی فەرمانت بوو و ژیانی خۆمم خستە ناو لەپی دەستمەوە و گوێم لەو قسەیەت گرت کە پێت گوتم.
٢٢ ئێستا تۆش گوێ لە کەنیزەکەت بگرە،
پارچەیەک نان لەبەردەمتدا دادەنێم و بیخۆ،
بۆ ئەوەی هێزت تێدابێت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت.»
٢٣ ئەویش ڕازی نەبوو و گوتی:
«ناخۆم.»
بەڵام دوو خزمەتکارەکەی و ژنەکەش زۆریان لێکرد،
ئەویش گوێی لێیان گرت و لەسەر زەوییەکە هەستا و لەسەر جێگاکە دانیشت.
٢٤ ژنەکە جوانەگایەکی قەڵەوی لە ماڵەوە هەبوو،
بە پەلە سەری بڕی و ئاردی برد و کردی بە هەویر و نانی فەتیرەی کرد.
٢٥ پاشان لەبەردەم شاول و دوو خزمەتکارەکەیدا داینا و خواردیان.
ئینجا هەستان و لەو شەوەدا ڕۆیشتن.